چیرۆکی ئێمە
ماڵی سەکینە لەسەر ئەو باوەڕە بناغەی بۆدانراوە کە دایک و باوک یەکەمین و گرنگترین مامۆستای ژیانی منداڵن. باوەڕمان وایە کە فێربوون تەنها بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوە یان بەدەستهێنانی کار نییە — بەڵکو فێربوونە بۆ گەشەپێدانی تاک، پەروەردەی سەروشتی، و تواناسازی بۆ بنیاتنانی تاکێکی کامڵ و بەرپرسیار، کە بە مەبەست و بەرچاوڕوونی و باوەڕبەخۆبوونەوە ژیان بکات.
ئەم پلاتفۆڕمە لە پێویستیەکی قوڵەوە دروستبووە: شوێنێکە تا خێزانەکان تیایدا جۆرێک لە پەروەردە دەستبخەن کە ڕەچاوی تەندروستی دینی و دەروونی تێدا کرابێت، پەروەردەیەک بێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی تاک دروست بکات.
وە هەروەها، ماڵی سەکینە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی زانستی و پەروەردەییە کە تیایدا دایکان و باوکان، ڕێبەران و دۆستانی خوێندن و فێرخوازان بەبەردەوامی سوود لە ئەزموونی یەکدی وەردەگرن و یارمەتی دەرن بۆ باشتر وباشترکردنی کوالێتی خوێندن و ژیان.
ماڵی سەکینە لەسەر سێ پایەی سەرەکی بنیات نراوە:
١. پەروەردە و فێرکاری خێزانی هاوڕا لەگەڵ دین:
باوڕمان وایە کە دین و زانست و تەندروستی پەیوەندی نێوان تاکەکان پەیوەستن بەیەکەوە — وە گەشەی تەندروست لە ژینگەیەکدا ڕوودەدات کە بە خۆشەویستی و ڕێنمایی ڕوون و مانادار دروستکرابێت. بەرنامەکانمان پاڵپشتە بۆ دایکان و باوکان وەکو ڕێبەری سەرەکی منداڵکانیان لە گەشتە پەروەردەییەکەیاندا، بەجۆرێک کە گەشەی تەندروست بە تواناکانیان بدرێت لە ڕووی ناسنامە و ژیری گشتگیر و خۆشەویستی بۆ فێربوون.
٢. ڕێنمونی بە مەبەست و ئامادەسازی پیشەیی:
ئامانجی ئێمە تەنها فێربوون نیە لە ڕێگەی وەرگرتنی زانیارییەوە — بەڵکو پاڵپشتیە بۆ خۆدۆزینەوەی تاک و پەرەپێدانی تواناکانی تا بە مەبەستەوە ژیان بکات. ئۆفەرەکانمان بریتین لە ڕێنمونی پیشەیی و مرۆیی و پەرەپێدانی تواناکان تا گەیشتن بە پلەی کارامەیی و لێزانی، وە دواتر سوودبەخشینەوە بە کۆمەڵگا.
٣. پاکڕاگرتنی ناخ و تەندروستی دەروونی:
پێگەیشتن و گەورەبوونی ڕاستەقینە لە ناخەوە ڕوودەدات. ئێمە لە ماڵی سەکینە، تەندروستی دینی و دەروونی و ژیری گشتگیرمان کردووە بە بەرنامە. تا لە ڕێگەی تەکنیک و کەرەستە کارپێکراوەکان لە دین و زانستدا، تاک بتوانێت تێگەیشتن و ئاگایی دەروونی فراوان بکات کە مەرجی سەرەکین لە بەڕێوەبردنی خود و خێزان و مامەڵەی تەندروست لەگەڵ ژیان و دەوروبەردا.